وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێکی حكومهتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دارایی هەرێم ڕێککەوتن كە كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت و رۆژی یەكشەمەی داهاتووش كۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام دەدرێت كە بڕیاری پێویست لە كۆبوونەوەكە دەدرێت".
ئەمشەو دووشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو".
دارایی هەرێم لە بەیاننامەکەدا ڕاشیگەیاندووە" لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا، هاوکات داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو
کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت".
هەروەها هاتووە" هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لە سبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥".
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەشڵێت" هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە".
"لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت". (وەزارەتی دارایی هەرێم وادەڵێت)