وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری خانەنشینی خستە بواری جێبەجێكردنەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ لەبارەی تەمەنی خانەنشینی ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد و دەڵێت" لە دایكبووانی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ و ١٩٦٤ لە ڕۆژی ٣١ی ئەم مانگەوە خانەنشیندەكرێن". 

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە واژووی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە و فەرمانەکە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەرچووە، تێیدا هاتووە" سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسایی خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، پێویستە فەرمانبەرانی شارستانی و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕۆژی ١ی ١ی ئەمساڵ تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٥ تەمەنی یاسایی خانەنشینیان ٦٠ ساڵ تەواو دەکەن و ساڵی لە دایکبوونیان لە ١٩٦٥ە، ئەوا لە ڕۆژی پێش لە دایکبوونیان خانەنشین دەکرێن و دەستلەکار هەڵدەگرن، دواتر مامەڵەکانیان دەنێردرێت بۆ فەرمانگەی خانەشینی". 

هەروەها لە فەرمانەکەدا هاتووە" فەرمانبەرانی شارستانی و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ساڵی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ و ١٩٦٤ لە دایکبوون، ئەوا لە دواینیوەڕۆی ڕۆژی ٣١ی ١ی ٢٠٢٥ خانەنشین دەکرێن". 

دەقی نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: 



PM:11:35:20/01/2025