لەسەر داوای سەرۆکی کاتی پەرلەمان کوردستان سبەی چوار شەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە، هەردوو لیستی یەکێتی و پارتی بایکۆتی دەکەن، هەر ئەمڕۆ سێ شەممە لیژنەی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بۆ گەڵاڵەکردنی کارنامەی نوێی و دابەشکردنی پۆستەکان لە هەولێر کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردووی تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت لیژنە هاوبەشەکە ڕەشنووسی بەرنامەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئامادە بکرێت.
ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتییە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بەشێووەیەکی نهێنی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا کەمترین زانیاری لەسەر گەڵاڵەکردنی بەرنامەی کابینەی نوێ و دابەشکردنی پۆستەکان دزەیان کردووە بۆ میدیاکان.
لەلایەکی ترەوە محەمەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە سەر بە نەوەی نوێیە، بانگهێشتنامەی دانیشتنی کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی پەرلەمانتاران کردووە بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەمی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەگەر ژمارەی یاسایی بەشداربووانی پەرلەمانتاران مسۆگەر نەبێت بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، ناوبراو دەستلەکاردەكێشێتەوە.
لەو کاتەدا لە کۆبوونەوەیەکی تردا سەرۆکێکی تری بەتەمەنی نێو پەرلەمانتاران دەستنیشان دەکرێت کە ئازاد حەمە ئەمین ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.