هاوسەرۆکی گشتی دەمپارتی ڕایگەیاند: نابێت ئەرکی چارەسەری پرسی کورد، بە تەنیا بخرێتە ئەستۆی ئۆجەلان و دەشڵێت، کاتی ئەوە هاتوە حکومەت هەنگاو بنێت و جەهەپەش بە بەرنامەیەکەی تۆکمەوە لە پڕۆسەکەدا دەستپێشخەر بێت.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، دەربارەی هەوڵەکان بۆ دەستپیکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی تورکیا ڕایگەیاند، پێویستە هەمو حیزبە سیاسی و پێکهاتەکانی تورکیا، پشتگیریی پرۆسەی چارەسەری بکەن و چارەسەری پرسی کورد، بابەتێک نییە بەتەنیا بخرێتە ئەستۆی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە یان بخرێتە ئەستۆی گەلی کورد.
هاوسەرۆکی گشتیی دەمپارتی وتیشی: کاتی ئەوەیە حکومەتی تورکیا لەپێناو چارەسەری پرسی کورددا هەنگاو بنێت و هاوکات پێویستە جەهەپەش بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە ڕۆڵی دەستپێشخەری لەو پڕسەیەدا بگێڕێت.
ئاماژەی بەوەش کرد: کۆبونەوەکانی شاندی پارتەکەی لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی تورکیا، هیوابەخش بوە و وتی، پڕۆسەکە سوودی بۆ ئایندەی تورکیا و وەچەرخانی دیموکراسیی لە تورکیادا دەبێت.
دەشڵێت، پرسی کورد، نەک بەتەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە عێراق، سوریا و ئێرانیش هەیە.