هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین بەردەوامە

بەهۆی بۆردومانی تورکیا، زیاتر لە ٧٠ هاوڵاتی مەدەنی و ڕۆژنامەنوس لە بەنداوی تشرین شەهید و بریندار بون و هەسەدەش ڕایگەیاند،  لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان شەڕڤانان و چەکدارانی نزیک لە تورکیا، ٢٢ چەکدار کوژران و بریندار بون.

بە گوێرەی زانیاریەکان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆسێشەممە ٢١ی کانونی دوەم، تورکیا جارێکی دیکە، بەنداوی تشرینی بۆردومان کرد و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتیەک شەهید بو و زیاتر ٧٠ کەسی دیکەش لە نێویاندا چوار ڕۆژنامەنوس بریندار بون. 

هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە لە ڕاگەیەنراوێکادا بڵاوی کردەوە"چەکدارانی هاوپەیمانی تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین و لە باشوری ڕۆژهەڵاتی مەنبجەوە، هێرشیان کردە سەر گوندی خەربەت زەماڵە، گردی سێرتیل و دەوروبەری دێرحافر".

دەشڵێت"شەڕڤانان وەڵامی هەمو هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی داوەتەوە و لە ئەنجامدا هەشت چەکدار کوژران و ١٤ چەکداری دیکەش بریندار بون و چوار ئۆتۆمبێلی چەکدارەکانیش تێکشکێنراون". 

لەلایەکی دیکەوە، شاری زڕگان و گوندەکانی شاری سڕین لە باشوری کۆبانێ لەلایەن تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانیەوە بە چری تۆپباران کراون. 
بۆ بینینی ڤیدیۆی هێرشەکان ئەم لینکە بکەنەوە






PM:05:16:21/01/2025