پارتی و یەکێتی سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق پەیامێکیان بڵاوکردەوە( نوێکراوەتەوە)

هەریەک لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی  سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ڕژێمی بەعس لە ناوچە كوردستانییەكان پیرۆزبایی خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەکەن و دەڵێن" بڕیارەکە گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف".

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا رایگەیاند" دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێكی گرنگدا دەنگی بە (پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە) دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان. ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم.

ئاشکراشیکرد کە هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.

لای خۆپشیەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی لە راگەیەنراوێکدا ىڵاویکردەوە" پیرۆزبایی لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ، بەتایبەتی جوتیارانی کورد و تورکمان دەکات کە دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لە داگیرکردنی زەویوزاریان لەسەردەمی  رژێمی پێشووی بەعسدا، ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگدان لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە،  مافی بۆ گەڕاندنەوە و وەکو خاوەنی رەسەنی ئەو  موڵک و خاکە ئینسافی کردن".

ئاماژەبەوەشدەکات بەم بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنەکانی دەنگیان لەسەر ئەم یاسایە دا دەکەین کە بەو پەڕی بەرپرسیاریی و گیانی نیشتمانییەوە لەگەڵ ئەم دۆسێ هەستیارەی مافی هاونیشتمانیانی وڵاتەکەماندا هەڵسوکەوتیان کرد.     هەر وەک پیرۆزبایی و دەستخۆشیش لە یەکدەستی فراکۆسیۆنە کوردستانییەکان و بەتایبەتیش کۆششی فراکسیۆنی سەوز و تیمی یەکێتی لە بەغدا دەکەین کە هەوڵی بێوچانیان بۆ کۆدەنگی لەسەر ئەم پرسە خستەگەڕ.

لە راگەیەدنرفاوەکەدا هاتووە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی زەوتکردنی زەویزاری خەڵک لە کەرکوک و هەر شوێنێکی تری ناوچە دابڕاوەکان  چەسپاندنی دادپەروەری و سەلماندنی مافی خەڵکە کە سەرەنجام ژینگەی پێکەوەژیانی هاوڵاتیان  و رێگای ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکان لە عیراقی نوێ ئاوەدانتر دەکات.






PM:08:16:21/01/2025