ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوا لە ڕێکخراوە مرۆیی و مافی مرۆڤەکان دەکات دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" هێرشەکانی تورکیا نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکات، هەروەها هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتنی بەنداوی تشرین، وەک دامەزراوەیەکی گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو و وزە، ئازارەکانی خەڵک زیاتر دەکات و ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی سیستماتیکی لەناوبردنی ژێرخانەکانە کە لەلایەن تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئەنجامدەدرێت.
ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا داوای لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد، دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە دووبارەبووانە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی.