سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی دواخرا

ئاژانسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی دواخراوە". 

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە" جێبەجێکردنی حوکمی پەخشان عەزیزی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دواخراوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری دواخستنی سزاکەی نەزانراوە". 

هەروەها ئەمڕۆ بەهۆی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست بە مانگرتنی گستی کراوە.

پەخشان عەزیزی لە ساڵی ١٩٨٤ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوێکی سیاسی کوردە لە بەندیخانەی ئێڤین کە لە ئێستادا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، دواتر لەلایەن دیوانی باڵای تارانەوە سزاکەی پەسەند کرا و هێشتا جێبەنەکراوە.

بڕیاری لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە، چالاکوانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە دەکەن و پێیان وایە کە دادگاییکردنەکە ناعادیلانە بووە.



AM:10:18:22/01/2025