هێزەکانی سوریای دیموکرات لە منبج و دێرحەفەر هەواڵی کوژرانی هەشت چەکداری سەر تورکیا و برینداربوونی ١٦ی دیکەیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە میانی وەڵامدانەوەی ئەو هێزانە بۆ هێرشی گروپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر میحوەری سوریاتێل، باشووری شاری مەنبەج، پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هەروەها لەسەر هەمان میحوەر لەناوچوو".
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان لە گوندی تەل ئارش لە باشووری شاری منبج چوار چەکداری سەر بە تورکیا برینداربوون و یەکێک لە شوێنەکانیان وێران بووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاشیگەیاندووە" لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر میحوەری دێرحەفەر، دوێنێ سێشەممە یەکینەکانی شەهید هارون کۆبوونەوەکانیان کردە ئامانج لەکاتێکدا خۆیان ئامادە دەکرد بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە، بۆیە دوو چەکدار کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوانی دیکەش هەڵاتوون".
هەروەها هاتووە" دوو چەکداری سەر بە توکیا بە ماتۆڕسکیلێکەوە هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو خاڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو ناوچەیە و چەکدارێکیان بریندار بووە، ئەوی دیکەشیان هەڵاتووە و ماتۆڕسکیلەکەی بەجێهێشتووە، هاوکات چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە چەکی قورس کۆبوونەوەی گروپە چەکدارەکانیان لە گوندی ئیمام کردە ئامانج و ڕادەی ئەو زیانانەش نەزانرا کە تووشی بوون".
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و گروپەكانی بۆ سەر ئەو گوندانەی کە دانیشتوانی مەدەنی تێیدایە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە کاتژمێر ٨٠٠ی بەیانی دوێنێ سێشەممە دوو ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا و تیایدا بنکەكانی تورکیایان کردە ئامانج لە گوندی عەنیق هەوی و حەمدوش لە لادێكانی تەل تەمر، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکە نەزانرا.