فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دووەمجار بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت لەگەڵ ئەو ڕێژەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی" ئەم کۆڕبەندانە دەتوانیت کاریگەری بێت لەسەر ئابووری کوردستان".
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی" بەداخەوە دوێنێ و پێرێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە ماددەی ١٢ لە یاسای بوودجە نەدرا، هەر کاتێک دەنگ بەو بڕگەیە بدرێت، کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد کە، هەفتەی ڕابردوو لە ماڵی ئەودا، وەزیری دارایی فیدراڵ و شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتیان باسکردووە، لەوانەش بابەتی داهاتی نانەوتی، لەبارەی ئەوەی چ ڕێژەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر چ بنەمایەکیش بێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند" هیوادارین لە کۆبوونەوەی دووەم کە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی داهاتی نا نەوتی و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، بگەینە ڕێککەوتن".
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنکانیان وتی"بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڕیارێکی گرنگ بوو کە دەبوو زووتر بدرێت، ئێستا عەدالەت هاتە دی دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵم".