هەسەدە وەڵامی وەزیری بەرگری حکومەتی کاتی سوریای دایەوە

جێگری وتەبێژی هەسەدە، لە وەڵامی وەزیری بەرگری حکومەتی کاتی سوریادا کە وتبوی پێویست بکات هێز بەکاردەهێنین دژیان، وتویەتی" بە زۆر چەک دانانێین و ئەگەر ناچار نەبین پەنا نابەین بۆ چەکەکانمان".

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٢ی کانوونی دوەم، جێگری وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سائیل زەوباع  بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندوە"لە خولی یەکەمی دانوسانەکانیان لەگەڵ  ئیدارەی سوریای نوێدا ئەرێنییە بوە و لە چاوەڕوانی خولی دوەمی دانوساندنەکانن".

باسی لەوەش کردوە"ئەگەر ئیدارەی نوێی سوریا هێز لە دژیان بەکار نەهێنێت، شەڕ لەدژی حکومەتی نوێی دیمەشق ناکەن".

ئەو بەرپرسەی هەسەدە وتوشیەتی ڕەنگە بانگهێشتی ئەحمەد شەرع بکەن بۆ ئەوەی لە دوەم دانیشتنی دانوساندنەکاندا بەشداربێت و سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.

لەبارەی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی سوریاوە، کە وتبوی ئەگەر پێویست بکات بەرامبەر هەسەدە چەک بەکار دەهێنن، ڕایگەیاند "ئێمە بە زۆر چەک دانانێن، و پەنا بۆ چەکەکانمان نابەین، تا ئەوکاتەی هێز لە دژی ئێمە بەکارنەهێنن".

 ئەوەش لە کاتێکدایە مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتیی هەسەدەش پێشتر رایگەیاندبو، کە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هێزەکانیان، بەڵام لەگەڵ پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتودان.

پێشتریش مەرهەف ئەبو قەسرە- وەزیری بەرگری سوریا لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا جەختی لەسەر هەڵوەشانەوەی سەرجەم گروپە چەکدارەکانی سوریا و تێکەڵکردنیان بەسوپایەکی یەکگرتو کردەوە و رایگەیاند"دەرگای دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کراوەیە و ئەگەر پێویستیش بکات ئەوا هێز لەدژی هەسەدە بەکار دەهێنن".




PM:11:58:22/01/2025