بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە هەرەسهێنانی بەنداوی تشرین دەدات و دەڵێت" ەرەسهێنانی بەنداوەکە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی بەدوای خۆدا دێنێت".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە راگەیەنراوێکدا هۆشداری لە مەترسییەکانی هەرەسهێنانی بەنداوی تشرین دەدات، ئەوەش بە هۆی هێرشەکانی تورکیا و بەپێویستیشی دەزانێت بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" هەرەسهێنانی بەنداوەکە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی بەدوای خۆدا دێنێت، کە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لێی بەرپرسن.
دەشڵێت، "بۆردوومانکردنی بەنداوی تشرین و بەئامانجگردنی خەڵکی سڤیل لەلایەن تورکیاوە، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ئەو وڵاتەیە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکردووە، هەنگاوەکانی تورکیا گوزارشت لە هەوڵێکی روونە بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند ساڵی رابردوو و بەردەوامیی هێرشەکان رێگە بۆ چەکدارانی داعش دەکاتەوە، بەپێویستیشی دەزانێت بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکرێت.
پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە مەترسییەکانی هەرەسهێنانی بەنداوی تشرین دابوو بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە و رایگەیاند، هەرەسی بەنداوەکە دەبێتە هۆی خنکانی دانیشتووانی سەدان گوند و ناوچەی دەوروبەری رووباری فورات.