سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزان: کوشتنی ئاژەڵ بە هەمو شێوەیەک دورە لە بەها مرۆڤایەتییەکان

سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان کوشتنی سەگەکان  رەت دەکاتەوە و دەڵێت"بە هەمو شێوەیەک دورە لە بەها مرۆڤایەتییەکان  وفەتوای مامۆستایانی ئایینی بۆ حەڵاڵکردنی کوشتنی سەگی بێلانە لە سەرەتا تا کۆتایی هەڵەیە ".    

فەرمان فازل، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند" کوشتنی ئاژەڵ بە هەمو شێوەیەک دورە لە بەها مرۆڤایەتییەکان و ئەم زەوییە تەنها بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست نەکراوە، راستە ساڵانە لە شارەکان خەڵک بەهۆی گەستنی سەگەوە دەبنە قوربانیی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە رێگە بە کوشتنیان بدرێت.

فەرمان فازل وتیشی" فەتوای مامۆستایانی ئایینی بۆ حەڵاڵکردنی کوشتنی سەگی بێلانە لە سەرەتا تا کۆتایی هەڵەیە و ئەوان بە بیانوی ئەوەی سەگ زیانی هەیە فەتوانی کوشتیان داوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیش زیانیان هەیە و خەڵک دەکوژن بۆ حەرام ناکرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد کە مامۆستایانی ئایینی پێویستە فەتوای حەرامکردنی تیکتۆک بدەن کە لەناو ماڵەکانمان بونەتە سەگ و پەلاماری منداڵەکانمان دەدەن، بەڵام ناتوانن ئەو کارە بکەن و هاتون فەتوای کوشتنی بێزمان دەدەن.

سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو کە پەروەردەی منداڵانمان ناتەندروستە و هەر لە سەرەتاوە منداڵەکانمان بە سەگ دەترسێنین، کاتێکیش فۆبیا بۆ ئەم منداڵە دروست دەکرێت و ئەویش لەسەر شەقامەکان سەگ دەبینێت کاردانەوەی دەبێت و بەمەش سەگەکان پەلاماریان دەدەن.

لەبارەی کوشتنی سەگیش بە چەک لە شاری کەرکوک ئەو ئاژەڵدۆستە ئەوەی خستەڕو کە ئاسایی بوە لەسەردەمی پێغەمبەر (د.خ) سەگی هار بکوژرێت، بەڵام ئێستا چارەسەر هەیە و شێڵتەر هەیە و نەزۆککردن هەیە، بۆیە ئەو کارە بۆ ئێستا بە هیچ شێوەیەک دروست نییە.

لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە



AM:11:45:23/01/2025