ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانیدا لە کۆڕبەندی داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی کاتی سوریا کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە" لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران".
وەزیری دەرەوەی کاتی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاوڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو.
وەزیری دەرەوەی کاتی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە" کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
شەیبانی، هەروەها مەسرور بارزانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و وتی" هیوادارین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین".
لای خۆشییەوە بارزانی دووپاتیکردەوە کە" پاراستنی ئاشتی و ئارامی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیری و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا".
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لە نێویشیاندا گەلی کورد".