ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕاگەیاند بۆ ڕێگەدان بە پەنابەرانی سوری لە کەمپی هۆل بۆ ئەوەی خۆبەخشانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هاوکات داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ئەوە کرد کە ئەو کەسانەی بە زۆر ئاوارە بوون لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و زەحمەتکێشان لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و فەرمانگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، سوریا چووە قۆناغێکی نوێوە و هەندێک بابەتی مرۆیی دەستیان بە سەپاندنی خۆیان کرد و لەنێو ئەو پرسانەشدا کە بارگرانییەکی قورسیان لەسەر شانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵات پێکهێنا سوریا پرسی ئاوارە و پەنابەران بوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەمڕۆ لەگەڵ چوونە ناو قۆناغێکی نوێ، ڕایدەگەیەنین کە ڕێگە بەو هاوڵاتییە سوورییانە دەدەین کە لە کەمپی هۆڵ نیشتەجێن، خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە" ئەم بڕیارە پێشتر دراوە، بەو پێیەی ئیدارەی خۆسەر لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی ڕێگە بە گەڕانەوەی خەڵکی سوریا بدات، بەڵام ئەو خێزانانەی کە لە کەمپی هۆڵ نیشتەجێ بوون، ترسیان لە گەڕانەوە هەبووە بەهۆی بوونی ڕژێمی ئەسەد وتی، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەکەدا، هیچ پێویست بە ترس و مانەوە لە کەمپەکەدا نەبوو، ئێمەش لەلای خۆمانەوە هەموو ئاسانکاری و گەشتێکی مسۆگەر بۆ ئەو خێزانانە دابین دەکەین کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە".
لە بەیاننامەکەدا داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە، هاوکاری پێشکەش بەو هاوڵاتییە سوورییانە بکەن کە بەهۆی شەڕی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، و لە ئێستادا لە کەمپەکانی عەریشە، ئال -مەحمودلی و توەیحینییە و ئەبو خەشاب نیشتەجێن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی پتەوی هەبێت لەسەر پرسی ئاوارەکانی عەفرین، گرێ سپی، تەل ئەبیاد، و سەرێکانیە، راس ئەلعەین، بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ گەرەنتی نێودەوڵەتی کە گەڕانەوەیان مسۆگەر دەکات.