شاندی دەم پارتی کە سەردانی ئیمرالییان کردووە، لە پەیامێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، دەڵێن" ئەم پرۆسەیە ڕێگەمان پێدەدات پێکەوە بژین و ئازادی بۆ هەموومان بەدەست بهێنین، بۆیە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین هاوکار بن".
دوێنێ چوارشەممە پەروین بوڵدان و سیری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتارانی هەدەپە لە زیندانی باڵای ئەمنی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکەش چوار کاتژمێری خایاندووە، شاندەکە سەبارەت بەم کۆبوونەوەیە بەیاننامەیەکی نوسراویان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" وەک شاندی هەدەپە بۆ ئیمرالی، دوێنێ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمرالی کۆبووینەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە میانەی دیدارەکەدا ئۆجالان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی بۆلو کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، دواتر شاندەکەمان زانیاری پێویستیان سەبارەت بەو دیدارانەی کە لەگەڵ ئۆجالان ئەنجاممان دا، پێشکەش کرد".
دەم پارتی دەشڵێت" هەوڵەکانی ئۆجالان سەبارەت بەم پڕۆسەیە بەردەوامە، هەر کە ئامادەکاری و ڕێکخستنەکانی پەیوەست بەم بابەتە تەواو بوو، لێدوانی پێویست بۆ ڕای گشتی دەردەچێت، ئێمە وەک شاندێک درێژە بە کار و پەیوەندییەکانمان دەدەین و ڕای گشتی لە هەموو پێشهاتەکان ئاگادار دەکەینەوە".
هەروەها هاتووە" ئەم پرۆسەیە ڕێگەمان پێدەدات پێکەوە بژین و ئازادی بۆ هەموومان بەدەست بهێنین بەو هیوایەی کە ئەم ئامانجە بەدی بهێنرێت، هیوادارین هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هاوکاری و بەشداری بکەن".
رۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ یەکەم شاندی سیاسی کە پەروین بوڵدان و سری سورەیا پێکهاتبوون سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکەیان لە گرتووخانەی ئیمراڵی کرد.
لە دوای سەردانی یەکەم لە راگەیەندراوێکدا باسیان لەوە کرد کە سەرۆکی پەکەکە پێیوابووە کە دەبێت پرۆسەی ئاشتی لە ناو پەرلەمانی تورکیادا چارسەر بکرێت.