"ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌ نەدرا"

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" تووشی سەرسوڕمان بوون بەوەی پێشنیارێک لەلایەن نوێنەری حکومەتی فیدڕاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كرا و ده‌نگ نه‌درا له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌". 

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و هەوڵی بەردەوام بە ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، و دوای تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم، بەداخەوە ڕەشنووسی یاساکە پەسەند نەکرا لە فۆڕمی ڕێککەوتن لەسەرکراو لە کۆتا خولەکدا". 

هەورامی دەشڵێت" ئەوەی سەرسوڕمانی ئێمەی زیاتر کرد ئەوە بوو کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەتەنها پێشنیارێکی جیاوازی پێشکەش بە ئەنجومەن کرد، بەبێ ئەوەی پێشوەختە ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، و بەبێ ئەوەی بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ دەنگدان، کە پێچەوانەی بڕیارەکەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانە سەبارەت بە پەسەندکردنی ڕەشنووسی هەموارکردنەوەکە، ئامانجی یاساکە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە". 

وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە" ئەم جۆرە هەوڵانە تەنها خزمەت بە زیانگەیاندن بە عێراق و بەشدارن لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لەبری دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر بۆیان. بەم پێیە ئێمە ڕەتکردنەوەی تەواوەتی خۆمان بۆ ئەو ڕێوشوێن و پێشنیارانە ڕادەگەیەنین و جەختیش دەکەینەوە لەسەر پێویستی خستنەڕووی ڕەشنووسی یاسای ڕێککەوتن لەسەرکراو و پەسەندکردنی لەلایەن کابینەی فیدراڵی و دەنگدان لەسەری". 



PM:05:05:23/01/2025