وتەبێژی حکومەتی هەرێم: دەبێت هەمواری یاسای بودجە وەک خۆی بخرێتە دەنگدانەوە

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پینجشەممە ٢٣ی کانوونی دوەم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پاش چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و  هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە ، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی  لەسەر نەدرا".

ناوبراو دەشڵێت" ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیازێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، یان لە  ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیازە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە".

پێشەوا هەورامانی، ئەوەشی روونکردووەتەوە، کە ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات، دەشڵێت" ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیازانە ، بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین، بۆیە دەبێت ئەو پێشنیازەی لەسەری رێککەوتووین بخرێتە دەنگدانەوە".

رۆژی ٢١ـی کانوونی دووەم ، پێشنیازێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمان کراوە، داوادەکات بێجگە لە نەوت و بەرهەمەکانی، گازی سروشتی رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت، بەو هۆیەوە هەمواری یاسای بودجە دواخرا.




PM:07:39:23/01/2025