پارتی بە توندی دژی بریاری دادگای کارگێری عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی لەسەر ئیدارەی کەرکووک هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئەوە هێمایەکی دیکەیە بۆ بەکارهێنانی دامەزراوە یاساییەکان بۆ مەبەست و بەرژەوەندی تایبەت.
مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک -گەرمیانی پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی کانوونی دوەم لەبەیاننامەیەکدا بەتوندی دژی بڕیاری دادگای کارگێڕی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لەسەر ئیدارەی کەرکوک هاتە دەنگ.
لە بەیاننامەکەی پارتیدا هاتووە" بڕیاری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکان فەسڵێكی دیكە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاكان لەپرۆسەی دیموكراسی و دەستوریی عێراقدا پێك دێنێت بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی".
دەشڵێت" ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسا پێکدەهێنێت".
ڕاگەیەندراوەکەی پارتی ئاماژەی بەوەداوە ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە پێکهاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنە.
پارتی ئاماژە بەوەش دەکات" ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین کە هەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی کەرکوک دەکات، هەروەها دەبینین كە گورزێكی توند لە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و هەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەهێز دەکات".
لە بەیاننامەکەدا پارتی داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەكان دەكات كە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، و یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكەن و ئەو هەڵوێستە چەوتە ڕاست بکەنەوە.
لەبەشێکی بەیاننامەی پارتی هاتووە " بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی ودەستورییەكان بكەین لەپێناو راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ٢٢ی کانوونی دوەم دادگای کارگێڕی عێراق چوار سکاڵای هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی دژی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک ڕەتکردەوە.