حکومەتی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕاگەیەنراوەکەی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت" عێراق پابەندە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە".

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی کانوونی دوەم رایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت هیچ هەموارێکی دیکە لە یاسای بودجەدا بکرێت کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراونەتەوە ئەنجوومەنی نوێنەران.

باسم عەوادی باسی لەوەشکرد، ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە رەتدەکەنەوە کە دەڵێت" سەرمان سوڕماوە بەوەی نوێنەری حکومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەران رێگری لە هەموارکردنەوەی مادەی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا دەکات".

عەوادی دەشڵێت،" جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕگەکانی یاسای بودجە بەتایبەت، رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حکومەتی عێراق بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پرسانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە پرسی بودجە و هاوکاریکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەگوێرەی ئەو دەقانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە.




PM:11:14:23/01/2025