مەسعود بارزانی: بەمزوانە یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت دەگەنە رێککەوتن

سەرۆکی پارت دەڵێت" سەركەوتنێكی گەورەمان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا  و وەفدی پارتی و یەكێتی هەنگاوی گەورەیان بڕیوە و ئومێد دەكەین بەمزوانە بگەنە رێككەوتن و حكومەت پێكبهێنن".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند" سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا و هەندێك لە هێزەكانی بەغدادو ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بەشداربوون لەو پیلانە، ئامانجیان ئەوەیە پارتی بشكێنن و دووچاری شكست و دابەشكردنی بكات".


ئاماژەی بەوەشدا کە لەسەرەتاوە وتومانە ڤیتۆمان لەسەر كەس نیەو شایستەی هەڵبژاردن دەكرێتە پێوەر، بۆ پێكهێنانی كابینی نوێی حكومەت.

سەبارەت بە دیدارەکانینا لەگەڵ یەکێتی وتی" لەدواین دیداری وەفدی پارتی لەگەڵ یەكێتی هەنگاوی گەورەیان بڕیوە، ئومێد دەكەین بەمزوانە بگەنە رێككەوتن و حكومەت پێكبهێنن".

ئاشکراشیکرد کە بەداخەوە لە بەغداد یەك لایەن بڕیار نادات، كۆمەڵێك لایەنن، هەندێك لەو لایەنانە نیەتیان خراپە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و، تەنانەت بەرامبەر عێراقیش و ئەو لایەنانە رێگرن لە چارەسەركردنی كێشەكان كە نەیانتوانیوە شەقامێك لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دروست بكەن.

بارزانی لەبارەی نائومێدیی چارەسەربوونی كێشەكانی كورد لە بەغدا دەڵێت، زۆر جار بیرمان كردووەتەوە لە بەغدا بكێشینەوە، چونكە ئێمە لەوێ داوای پۆست و كورسیمان نەكردووە، ئێمە داوای مافی گەلەكەمان كردووە، ئەگەر وای لێ هات بكێشینەوە، بە تەواوی دەكێشینەوە.

لەبارەی مەترسیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق دەڵێت، ئێستە مەترسییەكە كەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا ماوە، بە تایبەتی ئەگەر میلیشیاكان ئامادە نەبن چەكەكانیان ڕادەستی حكومەت بكەن و هێرشی ئاسمانی لە عێراقەوە نەوەستێت.

بارزانی ڕاشیگەیاند، هەتا هێزێك لە عێراقدا هەبێت كە لە دەرەوەی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی عێراق بجووڵێتەوە، مەترسیی ئیسرائیلی لەسەر دەمێنێت.




AM:09:16:25/01/2025