"باوكی ژینا ئه‌مینی به‌ تۆمەتی پڕوپاگه‌نده‌ دژ به‌ حكومه‌ت تۆمه‌تبارکراوە"

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەند جار بانگ کراوە و بە "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" لەم دواییانەدا ئەمجەد ئەمینی، تەمەن ٥٤ ساڵ و باوکی ژینا ئەمینی، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت تۆمەتبار کراوە و ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەکی ئینستاگرامی لەسەر سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد، کراوەتەوە". 

ئەمجەد ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە" هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بانگ کراوەتە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای سەقز، بەڵام ئێستا بە پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە لەو ڕاگەیەندراوەی بۆی نێردراوە هیچ باسێکی لێ نەکراوە". 

ئەمجەد ئەمینی وێڕای ئاماژەکردن بە ناڕوونییەکانی ئەو دۆسیە نووسیویەتی" بە خۆمم وت ئەوەی دەبێ با ببێ، ئەگەر نەشچم لە لێدانی باتۆم لە ئاسایشدام و هەر وەک لەو ٥٤ ساڵەی تەمەنمدا نەخۆشییەکی درێژخایەنم نەبووە، بیانوویەک بۆ کوژرانم بوونی نییە، هەرچەند کە بە لەدەستدانی ژینا ژیانی من و هاوسەرەکەم مەرگێکی ڕۆژانەیە". 

ئەمجەد ئەمینی ساڵی ٢٠٢٣ هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.



PM:04:21:25/01/2025