بریکاری وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لیستی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای هاوتاکراوی ئامادە دەکرێت".
ڕێباز حەملان، بریکاری وەزیری دارایی عێڕاق، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە" لە هەولێر سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا کە بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم و یەکەی ژمێریاری وەزارەتەکان و خانەنشینی سەربازی و مەدەنی لە ئامادەکاری لیستی مووچەی مانگی یەک و ئامادەکاری رێکخستنی لیستی مووچەی خانەنشینانن بەپێی یاسای هاوتاکراوی بەرکار".
بریکاری وەزیری دارایی عێراق ڕاشیگەیاندووە" پشتیوانیمان دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی کارەکان بە زووی جێبەجێ ببن و تا ناوەراستی ئەم هەفتەیە وەفدی باڵای هەرێم بگەرێنەوە بەغداد و ئالیەتی کارکردن و سەرفکردنی مووچە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بچێتە بواری جێبەجێکردن".
ئاماژەی بەوەشداوە، تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێم رۆژانە تا شەوی درەنگ بەردەوام کاردەکەن، هەموو داواکاری و تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەخەنە بەردەم نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ تەدقیق و پەسەندکردنی بەپێی ئەو رێنمایی و یاسا کارپێکراوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەری دەروات.
ڕێباز حەملان دەشڵێت" حکومەتی هەرێم ئیلتیزامەکانی لەسەریەتی جێبەجێدەکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و بەدەستهێنانی مافە داراییەکانی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ و ئەو تەخسیسەی بۆی دیاریکراوە".