هەسەدە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەروپێکدانەکانی ڕۆژی هەینی لە پردی قەرەقۆزاق، نزیکی ١٥ چەکداری هاوپەیمانی تورکیا کوژران یان بریندار بون و دەشڵێت، تورکیا بەردەوامە لەسەر بۆردومانکردنی دەوروبەری بەنداوی تشرین.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، دەربارەی شەڕوپێکدادانەکانی هەینی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت: لە درێژەی ڕوبەڕوبونەوەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە میحوەری پردی قەرەقۆزاق و چەندین گوند لە باشوری مەنبج، شەش چەکدار کوژراون و هەشتی دیکە بریندار بون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد: تورکیا دەوروبەری بەنداوی تیشرینی بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کرد و هاوکات گروپە چەکدارەکان هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر گردی سیرتێل، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە کرانە ئامانج و تێکشکێنران.
لە ڕاگەیەنراوەکەی هەسەدەدا ئەوەش هاتوە: لە بەرەی دێر حافر، گروپە چەکدارەکان هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر خاڵەکانی هێزەکایان، بەڵام شەڕڤانان هێرشیان کردە سەریان و لە ئەنجام چەندین چەکدار کوژران و بریندار بون...