سەردانی شاندی دارایی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە بۆ بەغدا دواخرا و سەرچاوەیەکیش دەڵێت" بە هۆی ئەوەی سێ داواکاریی حکومەتی عێراقیان جێبەجێ نەکردووە".
سەرچاوەیەک وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان ناچێتە بەغداد، لەبەر ئەوەی سێ داواکاریی حکومەتی عێراقیان جێبەجێ نەکردووە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە شاندی هەرێمی کوردستان کردبوو، پێویستە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ و لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەم بە سیستمی پەیرۆڵ لەگەڵ خۆیان ببەنە بەغداد و ناوی ئەو فەرمانبەرانەشی خانەنشینی دەیانگرێتەوە لە لیستەکەدا دیاریی بکرێت.
بە وتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی، شاندەکە هیچکام لەم داواکارییانەی وەزارەتی دارایی عێراقیان ئامادەنەکردبوو، بۆیە چوونی شاندەکە بۆ بەغداد دەکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەیە.
ئەوەشی وتووە، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا لە هەرێمی کوردستانن و وردبینی لە سێ داواکارییەکەی وەزارەتەکەیان دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە و رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی خەرجکردنی مووچە لەساڵی ٢٠٢٥ بکەن و دواتر راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە ئاراستەی سودانی بکەن.