هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە ڕایدەگەیەنێت" تورکیا هەوڵدەدات ئەو سیستمەى لە رۆژئاواى کوردستان دامەزراوە، تێکى بدات".
جەمیل بایک هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵى کەى ئێن ئێنی راگەیاندووە" لە بنەمادا دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانویست ئۆجالان بخەنە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی گەلی کورد و ئەویش بەردەوام ویستویەتی لەبەرامبەر پرسی کورد دا بیرکردنەوە و زیهنیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی تورکیا بگۆڕێت"
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئۆجەلان، لە دیارەکەیدا لەگەڵ شاندى دەم پارتى ئامادەیی خۆى دەربڕیووە بۆ بەرەوپێشبردنى پرسى کورد ئەگەر بێتو تورکیا زەمینە بۆ ئاشتى برەخسێنێت و ویستى ئەویشى بۆ چارەسەرى پرسى کورد بە ڕێگەى سیاسی و دیموکراسى راگەیاندوە و جەختى کردوەتەوە کە تا زیهنیەتى دەسەڵاتدارانى تورکیا نەگۆڕێت، پرسى کورد چارەسەر ناکرێت.
بایک وتیشى" تورکیا ئەوانى ناچار کردوە بۆ پاراستنى خۆیان و گەلەکەیان چەک لەشان بکەن ئەگەرنا ئەوان عاشقى چەک نین و سیاسەت دەکەن، هەرکاتێکیش داواى ئاگربەستیان کردبێت، تورکیا زیاتر هێرشى کردوەتەسەریان".
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، جەمیل بایک باسى لە هەرێمى کوردستان کرد و وتى" گەلى ئێمە لە باشور پێویستە ئامانجەکەیان دیاریبکەن و لەسەر بنەمای ئەو ئامانجە تێبکۆشن".
دەشڵێت" گەلى کورد لە رۆژئاوا گەلێکی قارەمانن و گوزارشت لە ئیرادەی خۆیان دەکەن، خەباتى ئەوانیش لە رۆژئاوا بۆ ئازادی و دیموکراسییە و دژی داگیرکەر و کۆنەپەرستییە و کورد و هەسەدەش بەرگرى لە خۆیان دەکەن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا".
بایک هێمای بۆئەوەشکرد" پلان و ئامانجی تورکیا ئەو چەکدارانەی شەڕی بۆ دەکەن تێکدانی ئەو سیستەمەیە کە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە و دەیەوێت دەسەڵاتی کوردان بروخێنێت و تەواوی سوریا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە".