خانمێکی کورد لە پاڵەوانێتی دۆستانەی جیهانی لەشجوانیدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا

دڵخۆش عەبدوڵڵای تەمەن ٣٣ ساڵ وەرزشکاری کورد کە خەڵکی شاری ڕانیەیە توانی لە پاڵەوانێتییەکی لەشجوانی نێودەوڵەتیدا پلەی دووەم بەدەستبهێنێت.

دڵخۆش عەبدوڵا وەرزشوان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، لەبارەی بەشداریکردنی لە پاڵەوانیەتی لەشجوانی جیهانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" وەک ژنە کوردێک لە پاڵەوانییەتی لە شجوانی جیهانی پلەی دووەمم بەدەستهێنا کە تاکە ژنی کورد بووم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەشداریم لە پێشبێرکێکەدا کردبوو". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵەوانیەتەکە بە سەرپەرشتی یەکێتی لەشجوانی (ifbb) لە هیندستان بەڕێوەچوو.

پاڵەوانێتیەکە ساڵانە بۆ یاریزانانی نێر و مێ ڕێکدەخرێت و هیندستان میوانداری ئەم خولەی ئێستای کرد کە تێیدا دڵخۆش پلەی دووەمی لە نێو بەشداربووان بەدەستهێنا لەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە دۆستانەیەدا کە ماوەی چەند ڕۆژێکی خایاند. 

دڵخۆش عەبدوڵا ساڵی ١٩٩١ لە شاری رانیەی باشووری کوردستان لە دایکبووە، خانمێکی پاڵەوانی لەشجوانی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستیکردووە بە وەرزشی لەشجوانی و یاریزان و ڕاهێنەری لەشجوانییە، تائێستا بەشداری چەندین خولی پاڵەوانییەتی کردووە هەم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا. 

هەروەها دڵخۆش لە بوارەکەی خۆیدا یەکەمی باشووری کوردستان و وڵاتی عێراقە، لەسەر ئاستی ئێران و ئاسیاشدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و خاوەنی چەندین مەدالیای زێڕە. 

دڵخۆش بە ناوی کوردستانەوە بەشداری لە خولی پێشبڕکێکان دەکات و دوای هەر سەرکەوتنێکی ئاڵای کوردستان بەرز دەکاتەوە. 



PM:06:29:26/01/2025