ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە دهۆک کەوتەوە کە بەهۆیەوە چوار یەکەی نیشتەجێبوون سووتاون.
بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی نێشتەجێبوون لە نزیک پارکی دلشاد محەمەد سەعید لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە بەهۆی تەزووی كارەباوە بووە و بێجگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستپێكراوە.