ئەمڕۆ دووشەممە دادگای تاوانەکانی کەلار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دوو تۆمەتبار دەرکرد کە تۆمەتبارن بە کوشتنی گەنجێک بە ناوی عەبدوڵڵا ساڵح لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکرابوون.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگای تاوانەکانی کەلار بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی کوشتنی عەبدوڵڵا ساڵح کە گەنجێکی خەڵکی شارەکەیە و لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دوو کەسەوە کوژرا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە دانیشتنەکەدا دادگا بڕیارەکەی لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکرد کە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست سزا دراون.
هەر لەمبارەیەوە د. ئاوات حاجی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونی کەرکوک – گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ پڕۆسەی دادگایکردنەکە بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەچوو".
وتیشی" بڕیاری لە سێدارانی ئەو دوو تاوانبارە دەچێتە دادگای پێداچوونەوە و ئەگەر دادگا بڕیارەکەی پەسەندکرد، دەچێتە بەردەم سەرۆکایەتی هەرێم، ئەگەر سەرۆکی هەرێم مەرسومێک بۆ بڕیارەکە دەربکات سزاکەیان جێبەجێدەکرێت".
ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو گەنجێک لە قەزای کەلار بە ناوى عەبدوڵا ساڵح بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بێسەروشوێن بوو، دواتر لە ٣٠ی ١٢ی ٢٠٢٤ تەرمەکەى لە گوندێکى نزیک کەلار دۆزرایەوە و دەرکەوت لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە رفێنراوە و کوژراوە.
عەبدوڵا ساڵح تاقانەی شەش خوشک بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ لە دایکبووە و پیشەی پێشمەرگە بووە.