ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە قەزای كۆیە بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و داوا دەكەن کە چیتر دەوام بێ مووچە نەکرێت.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانی ناڕازی قەزای کۆیە یاداشتێكیان پێشكەشكرد و رایانگەیاند" سەرباری پشتگیری لە مامۆستایانی ناڕەزای، بەڵام پێمان وایە ئەو دۆخەی كە دروستبووە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە ناكات".
مامۆستایانی نارازی لە کۆیە داوای دابەشكردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ مووچەی مانگی ١ی ئەمساڵ دەکەن لە زووترین كاتدا.
هەروەها داوای بە نیشتیمانیكردنی مووچە لەسەر بانكە فیدراڵییەكان (تەوتین) لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن، هاوکات داوای پلە بەرزكردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانیان کرد.
داواش لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەن چیتر دەوامی بێمووچە نەكەن.