زانیاری نوێ لەسەر مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕاگەیەندرا

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەردوو شاندی هەرێم و بەغداد بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆدەبنەوە". دەشڵێت" لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسمان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردووە". 

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێکی دیالۆگدا لە بەغداد وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" رۆژی هەینی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و شاندی هەرێم لە بەغداد لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆدەبینەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌گه‌ڵ هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسیان له هەناردەکردنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

فوئاد حسێن ڕاشیگەیاند" ئێمە هیچ هەڕەشەیەکمان لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەرامبەر عێراق نەبیستووە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پرەنسیپێکی بنەڕەتییە.

ئەوەشی خستەڕوو، نێوەندگیری عێراق لە نێوان سعودیە و ئێران کاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوخۆی عێراق هەبووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونیشیکردەوە، ئاسایشی عێراق پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکە و بەپێچەوانەشەوە، هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهێزە. 

دەشڵێت" خولی پێنجەمی دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا فراوان دەبێت و چەند لیژنەیەک لەخۆدەگرێت". 



PM:10:18:27/01/2025