"عەبدوڵا ئوچ ئالان دەیەوێت تورکیا بۆ رێگای دیموکراسی راكێشێت"


هاوسەرۆکی دەم پارتی رایدەگەیەنێت کە لە دیداری دووەمدا، ئۆچ ئالان رایگەیاندووە" چارەسەر  راكێشانی تورکیایە بۆ رێگای دیموکراسی ".
تولای حاتەم هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەمڕۆ سێ شەممە هەندێک لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەی دووەمی وەفدی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵا ئوچ ئالان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکەی لەبەردەمی فراکسیۆنی حزبەکەیدا ئاشکرا کرد.

 تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاشکرایکرد "ئۆجەلان لەدووەمین دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی کە هەموان چاوەڕوانی بووین ئەنجامدرا، ئەو نەخشەڕێگایەی لەکۆبوونەوەی ئیمرالی دەرکەوت بێگومان بابەتێکە کە هەموو گەلان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن. بەڕێز ئۆجەلان لەکۆبوونەوەکەدا وتویەتی: ئێمە بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕین کە قەیرانە جیهانی و نیشتمانییەکان تێهەڵکێش دەبن، ڕاکێشانی تورکیا بۆ سەر رێچکەی دیموکراسی تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی لەقەیرانەکان".

هەروەها هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆچ ئالان لە کۆبوونەوەی دووەمدا " بە شاندەکەمانی ڕاگەیاندووە کە بانگەوازەکەی باخچەلی ئەگەر لەگەڵ عەقڵی دەوڵەت تێکەڵ بکرێت، دەبێتە هۆی پێشکەوتنێکی مێژوویی کە خزمەت بەئاشتی دەکات".

تولان باس لەوەش دەکای کە ئۆجەلان پێیوایە لەم قۆناغەدا کە قەیرانەکان کەڵەکەو تێهەڵکێش بوون، پەنابردن بۆ سیاسەتی بەڕێکردنی کات‌و چاوەڕوانی سەبارەت بەچارەسەری پرسی کوردو دیموکراتیزەکردنی تورکیا، خزمەتی بەتورکیا ناکات.

" بانگەوازەکەی ئۆجەلانیش ڕوونە کە هێنانی تورکیایە بۆ سەر رێبازی دیموکراسی‌و ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لەقەیرانەکان، لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێز ئۆجەلان جارێکی دیکە لەم دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەوەیە ئەو پرسە لەزەمینەی توندوتیژی و ململانێیەوە بگوازێتەوە بۆ زەمینەی یاسای دیموکراسی و سیاسەتی دیموکراسی".( هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاندووە).
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک راپۆرتی رۆژنامەوانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆچ ئالان لە ١٥ ی شوباتدا پەیامێک بە راستەوخۆ لە تیڤییەکانەوە بۆ کورد و خەڵکی تورکیا بڵاودەکاتەوە.

 دوێنێش دوو شەممە بسێ هۆزات هاوسەرۆکی پەکەکە بە میدیاکانی خۆیانی راگەیاندووە " تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە نەنرێنراوە و بۆ هێنانە ئارایی پرۆسەکە، چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، دیموکراتیکبوونی تورکیا و کۆتایهاتنی شەڕی ئێستا ئەو شتەی پێویستە لاببرێت گۆشەگیرییە. دەبێت بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیانی ئازاد، سەلامەتی، تەندروستی و کارکردنی بڕەخسێندرێت."




PM:06:53:28/01/2025