وەزارەتی دارایی رێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی پاداشتی خانەنشینی ئاشکرا دەکات

بە پێی رێنماییەکی وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارە خانەنشینانی سەرو ٢٥ ساڵ خزمەت ٦ موچە لە فەرمانگەکەی خۆیان و ١٢ موچەش لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشین وەربگرن.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕایگەیاندووە" بڕیارە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی بۆ خەرجکردنی پاداشتی خانەنشینی بەگوێرەی یاسای ژمارە ٩ـی ساڵی ٢٠١٤ دەربکات، كە بۆ ئەو خانەنشینانەی خزمەتیان لە ٢٥  ساڵ زیاترە مووچەی ٦ مانگی بنەڕەتی و ١٢ مانگی تەواو وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی خزمەتیان كەمترە تەنها ٦ مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن".

 بەگوێرەی یاساکە پێویستە خانەنشینانیی ڕاژەی شارستانی، کە خزمەتیان لە ٢٥ ساڵ زیاترە لە فەرمانگەکانی خۆیان 6 مووچەیان بۆ خەرج بکرێت، لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییش ١٢ مووچەیان وەک پاداشتی خانەنشینی بۆ خەرج دەکرێت، کە ئەمە پێشتر نەبووە، وەزارەتی دارایی ئاگاداری کردونەتەوە و ڕێنمایی نوێ بۆ ئەو بابەتە دەردەکات.

سەرچاوەکە وتیشی" ئەوانەی خزمەتییان کەمترە تەنیا ٦ مانگ مووچەی بنەڕەتییان بۆ خەرج دەکرێت"”.

ئاشكراشی كردووە، خانەنشینانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هاوشێوەی پێشووتر لە فەرمانگەکانی خۆیان ٦ مانگ مووچەی موڵەتی کۆکراوە و ١٢ مانگ مووچەی تەواو لە بەڕیوەبەرایەتیی خانەنشینی وەردەگرن.

بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەو خانەنشینانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ٦٠ ساڵ و ٢٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ١٢ مووچەیان بۆ خەرج دەکات، ئەوانی دیکە کە شەش مووچەیان پێدەدرێت دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی ١٥ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینیی فەرمانبەران، یاسای ژمارە ٩ـی ساڵی ٢٠١٤ی  خانەنشینی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەرکاربکات، کە لە دایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین دەکرێن.



PM:09:02:28/01/2025