دوێنێ سێشەممە وەفدێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات - هەسەدە لەگەڵ سەرۆکی پێکهاتەی دروز لە سوەیدا کۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا پرسی سوریا و چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێکران.
دوێنێ شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی لەیلا قەرەمان هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە، سەرۆکی پێکهاتەی دروز لە سویدە شێخ حیکمەت ئەلحیجری، لە میوانخانەی خۆی لە شارۆچکەی قەناوات لە پارێزگای سویدە کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هاوکات ئامادەبووان باسیان لەو قۆناغە گرنگە کرد کە وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت و ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی سوریا بوونەتەوە
ماڵپەڕەکە ڕاشیگەیاندووە" ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی ئاشتی مەدەنی و ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ سوریایەکی توندوتیژی و شەڕ کردەوە، هاوکات جەختیان لە گرنگی یەکگرتووی خاکی سوریا کردەوە وەک ئەولەویەتێکی حەتمی".
لە کۆبوونەوەکەدا دیدگاکانی داهاتوو بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێی سوریا لەسەر بنەمای مەدەنی و دیموکرات تاوتوێکرا، هاوکات جەختیان لە گرنگی پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بێلایەنی دامەزراوەکان کردەوە.
هەروەها ماڵپەڕەکە دەشڵێت" هەر لە دیدارەکەدا ئاماژە بە پرسی چەک کرا، بەو پێیەی ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی ڕادەستکردنەوەی بە دەوڵەت کردەوە کە دەسەڵاتی یاسایی نوێنەرایەتی دەکات، دوای پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتقالی گشتگیر و وەستانی تەواوەتی شەڕ لە سەرتاسەری وڵاتدا، هاوکات جەخت لەسەر گرنگی بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی ژنان و گەنجان کرایەوە لە قۆناغی ئینتقالیدا، جا چ لە جومگەکانی دەوڵەتدا بێت یان لە ئیدارەکەیدا، بۆ دڵنیابوون لە گشتگیری و بەردەوامی چارەسەرەکان".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و بەدواداچوون بۆ چارەسەرە سیاسییەکان کرا کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی سوریادا بگونجێت و دەستکەوتەکانیان بپارێزێت و پێگەی سوریا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و مەدەنی بگەڕێنێتەوە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی زامن دەکات، دوور لە توندوتیژی و دابەشبوون.