هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە ڕایدەگەیەنێت" لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ١٤ هاوڵاتی سڤیل لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و ٢٩ کەسی دیکەش برینداربوون".
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم لە گوندی ئەل جەماسی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا تۆپبارانکرا و کۆمەڵکوژی کراوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان منداڵن".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە دەڵێت" لە ٢٨ی کانوونی دووەم دەوڵەتی تورکیا گوندی ئوم حەرمەلەی زرگانی تۆپبارانکرد، لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژییەکی تر سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵە، پێش چەند کاتژمێرێکیش دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بازاڕی گەلی شاری سیرینی بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا هەشت هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا و ٢٠ سڤیلی دیکەش برینداربوون".