پەیەدە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکات

پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکات، بەمەبەستی بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی کە تورکیا دژی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی داوە، دەشڵێت"  بۆردومانکردنی ژێرخانی سوریا و بەئامانجکردنی خەڵکی ناوچەکە درێژەپێدەری نزیکبوونەوەی جینۆساید و تیرۆرە". 

پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی  بۆ سەر ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و دەڵێت" بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی کۆمەڵکوژییەکی نوێیە کە زیادکراوە بۆ ئەو زنجیرە کۆمەڵکوژییانەی کە تورکیا و میلیشاکانی بەدرێژایی ساڵان دژی ناوچەکانمان و گەلەکەمان ئەنجامیانداوە".

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم پێشێلکارییانە" هیچ شتێک نین جگە لە درێژەدان بە نزیکبوونەوەی جینۆساید و تیرۆر کە تورکیا بە ئامانجی تێکدانی ئیرادەی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پراکتیزەی دەکات و بە ئامانجگرتنی پڕۆژە دیموکراسییەکەیان، بە مەبەستی گەیشتن بە تەماحە داگیرکارییەکانی و هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوەی داعش لە ناوچەکەدا". 

پارتەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم" ئامانجکردن و کۆمەڵکوژییانەی ئەنجامدراون، بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەرجەم پەیمان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستدەکەنەوە". 

پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) داوای لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆی کرد لە بری بێدەنگبوون هەنگاو بنێن و دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییانەی دژی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێکهێنانی لیژنە تایبەتمەندەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و بەڵگەنامەکردنی ئەم کۆمەڵکوژیانە و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بازاڕێکی جەماوەری شاری سارینی بۆردومانکرد و بەهۆیەوە ١٢ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ١٣ی دیکەش برینداربوون کە لە نێویاندا منداڵ هەبوون.

بەپێی ئامارەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەمان ڕۆژدا تۆپبارانەکانی تورکیا  بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ هاوڵاتی کە دوو منداڵیان هەبووە، هەروەها لە زەرکان سێ هاوڵاتی دیکە گیانیان لەدەستدا و ٩ کەسیش لە لادێکانی شاری عەین عیسا لە کانتۆنی فورات برینداربوون. 



PM:01:25:29/01/2025