بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتی قوتابخانەکان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بەردەوامە وبەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەڵێت"بایکۆتی مامۆستایان ناوەندەکانی خوێندنی چۆڵ کردووە و لەکۆی ٧٥ هەزار مامۆستا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا سێ هەزار مامۆستا دەوام دەکەن".
تریفە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند" بایکۆتی مامۆستایان ناوەندەکانی خوێندنی چۆڵ کردووە و تەنیا پۆلە ناکۆتاکان واتە نۆ و ١٢ دەوام دەکەن، ئەوەش هەموو خوێدندگاکان نییە، جێگرەوەی بایکۆت تەنیا دابینکردنی مووچە و دابەشکردنییەتی لەکاتی خۆیدا".
هەروەها وتیشی" لەکۆی ٧٥ هەزار مامۆستا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا سێ هەزار مامۆستا دەوام دەکەن، ئەوانەش وانە بە پۆلەکانی نۆ و ١٢ دەڵێنەوە، ئەگەر مووچە زیاتر دوابکەوێت ئەوانیش بایکۆت دەستپێدەکەن".
هاوکات، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی ئەوەشی روونکردەوە، بێجگە لە بایکۆت گرفتێکی دیکەی گەورە رووی لە پەروەردە کردووە کە خانەنشینی مامۆستایانە، کە تاوەکو ئێستا هیچ جێگرەوەیەکیان نییەو بۆشایی دروست دەکات، ".
ماوەی چەند رۆژە بایکۆتی مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین دەستیپێکردووە و مامۆستایان مانیان لە خواردن وخواردنەوە گرتووە و جەخت لەوەدەکەنەەوە کە تا جێبەجێکردنی مافەکانیان کە تەوتینکردنی مووچەیە لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین ورەشید، سوورن لە مانگرتن.