بە گوێرەی راگەیەنراوێکی هەسەدە لەماوەی ٣٠ رۆژی رابردودا بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە لە رۆژئاوای كوردستان، ٤٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، راگەیەنراوێکی بلاوکردەوە و دەڵێت" ئەم هەواڵە درۆیانەی توركیا بۆ داپۆشینی ئەو تاوانەن كە دوێنێ لە ئەنجامی بۆردومانكردنی بازاڕێكی میللی لە شارۆچكەی سێرین لە باشوری كۆبانێ لە هێرشێكی ئاسمانی توركیادا ١٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا كە زۆرینەیان منداڵ بون و ناوەكانیان تۆماركراون".
هەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی شەهیدانی مەدەنی لەمیانی هێرشە ئاسمانییەكان و تۆپبارانەكانی توركیادا لەماوەی ٣٠برۆژی رابردودا بۆ سەر ناوچەكانی زركان، عەین عیسا، سێرین و بەنداوی تشرین بۆ ٤٠ شەهید بەرزبۆتەوەو زیاتر لە ٢٧٠ هاوڵاتی مەدەنی دیكەش بەهۆی ئەو هێرشانەوە برینداربون.
ئاشکراشیکرد وەزارەتی بەرگریی توركیا، هەواڵێكی درۆی بڵاوكردۆتەوە كە گوایە دوێنێ ١٤ شەڕڤانی ئێمە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كوژراون، ئەو بانگەشانە درۆن و دوێنێ هیچ شەڕڤانێكی ئێمە شەهید نەبوە".