مامۆستایان خۆپیشاندان دەبەنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران

نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندان دەستپێدەكەن.

عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند" ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٣ی ٢ی ٢٠٢٥ خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایانی گرێبەست لە ھەولێر لە بەردەم بینای یٔەنجومەنی وەزیران لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەست پێدەکات".

ڕاشیگەیاند" خۆپیشاندانی ڕۆژی دوو شەممە بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستە بۆ مانگی ٨،٧ی ٢٠٢٤ و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١،١٢ و هەروەها بۆ دانانەوەی مامۆستایانی وانەبێژی بەزۆر لادراو".

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی ١ی ئەمساڵی سەرجەم مووچەخۆران دابەش نەكراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست هێشتا مووچەی دوو مانگی ٧ و ٨ی ساڵی ڕابردوویان پێ‌ نەدراوە وماوەی چەند رۆژە بایکۆتی مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین دەستیپێکردووە و مامۆستایان مانیان لە خواردن وخواردنەوە گرتووە و جەخت لەوەدەکەنەەوە کە تا جێبەجێکردنی مافەکانیان کە تەوتینکردنی مووچەیە لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین ورەشید، سوورن لە مانگرتن.

.



PM:06:36:29/01/2025