میدیایەکی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو جموجوڵانەی سوپای تورکیا لەم رۆژانەدا دژی ناوچەی جیاجیاکانی کوردستان دەستیپێکردووە لەسەرەتای هێرشێکی فراوان دەچێت بۆ سەر ناوچەکانی مەخمور و شەنگال.
ئەو میدیایە کە رۆژ نیوزە ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە فڕۆکەی سیخوڕی بەسەر کامپی مەخمووردا دەسوڕێنەوە و دەنگی فڕۆکەکە دەبیسترێت و خەڵکی کامپەکەش دەتوانن فڕۆکەکە ببینن، دەوترێت ئیتر یەک فڕۆکە نیە، ٢٤ سەعات دوو فڕۆکە دەگەڕێن، فڕۆکەکان تەنها بەسەر کامپەکەدا دەسوڕێنەوە.
هەروەها لەسەر ئاسمانی شنگال جوڵەیەکی سەرنجڕاکێشی فڕۆکەی سیخوڕی هەیە، کە لەوێش ماوەی هەفتەیەکە فڕۆکەی سیخوڕی زۆر نزم دەفڕن، جارجار دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانیش بەسەر ناوچەکەدا دەبیسترێت.
"جوڵەی فڕۆکەکان ئەوە دەردەخات کە لەگەڵ هاتنی هاکان فیدان بۆ عێراق، دەوڵەتی تورک لە زۆر ناوچە هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات.."( ئەو میدیایە ئاماژەی بۆ دەکات).