لیژنەی دارایی عێراق کاریان لە هەولێر کۆتایی پێهات و لەگەڵ شاندێکی هەرێم دەچنەوە بەغدا

کاری لیژنەی تەکنیکی دارایی عێراق لە هەرێم کۆتایی هات و ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا و راپۆرتەکان رادەستی دارایی فیدراڵی دەکەن و هاوکات هەر ئەمڕۆش شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات.

بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە  کاری شاندە تەکنیکییەکەی دارایی عێراق لە هەولێر کۆتایی دێت و دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا و وچوار راپۆرت دەدەنە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، کە داتا و زانیارییەکان لەبارەی بڕی تەرخانکراوی دارایی مووچەی مووچەخۆران، ژمارەی خانەنشینان، لایەنە تەکنیکییەکانی یوپی ئێن و بایۆمەتری و داهات و خەرجیی مانگی ١٢ی ساڵی پار لەخۆدەگرن.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان هەرێم داوای کردووە، بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە ١٣ تریلیۆن دینار بێت، چونکە عێراق زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار دەبڕێت بۆ مووچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی سەربازیی و شارستانی، بە ئامانجی ئەوەی ١٢ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە بمێنێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغداد و سبەی کۆبونەوەیەکی گرنگ لەنێوان شاندەکەی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق لەماڵی وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت.





AM:09:42:30/01/2025