وادەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە  ڕایگەیاند: تا مانگی سێی ئەمساڵ ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠  دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت" هیچ پلانێک نییە هەردوو فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ پێنجشەممە  ٣٠ کانوونی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، تا مانگی سێی ئەمساڵ ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠  دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و تاکوو ئێستاش شەش فرقە ڕێکخراونەتەوە، و لەکۆتاییدا دەبن بە فەرماندەیی دەڤەر.

بریکارەکەی وەزارەتی پیشمەرگە ڕاشیگەیاند: بە گوێرەی نەخشەی ھاوپەیمانان تا ساڵی ٢٠٢٦ پێویستە ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێنەوە، پێشبینی دەکەین لەو وادەیە زووتر پڕۆسەکە تەواو بێت.

عەبدولخالق بابیری  ڕوونیشیکردەوە، تاکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە کە ھێزی زێرەڤانی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە کاری ئەوان جیاوازە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.

لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، ھاوکاری ھاوپەیمانان بەردەوامە و تا ئێستە ھیچ بڕیارێک دەربارەی ڕاگرتنی ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەدەست نەگەیشتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە لە ژێر فشار و داواکارییەکانی ئەمریکا بڕیارە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە  سەر بە حیزبەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، بەلام ململانێی حیزبی تا ئێستا ڕێگربووە لە بەرانبەر جێبەجێ کردنی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.




PM:07:35:30/01/2025