دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات کرا

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات کرا، بەڵام ئامانجەکەی نەپێکاوە.

دژە تیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە"ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر ١٧:٤٠ خولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کەمپی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری چیای کۆڕەک لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا".

دژە تیرۆر دەشڵێت، "درۆنەکە ئامانجی خۆی نەپێکا و تێکشکا و کەوتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتەوە".

تا ئێستا دیار نییە ئەو دڕۆنە لەلایەن چ لایەنێک یا خود دەوڵەتێکی بیانی ئاراستەکراوە و دژە تیرۆریش لەوبارەیەوە زانیارییەکی ئاشکرانەکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە دەیان جار کەمپەکانی ئاوارە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆردومانکراوە و لەو نێوانەشدا بە دەیان کەس کوژراو یا خود برینداربوون.

 




PM:08:42:30/01/2025