وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاریداوە بە یاسایی ناساندی گرێبەستی وەزارەتەکەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی کانوونی دووەم راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت"دادگای پێداچوونەوەی عێراق لە بەرژەوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڕیاریدا و رایگەیاند، "گرێبەستەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان یاساییە".
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، دوای چەندین دانیشتنی دادگا و تانە لێدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بڕیارەکانی دادگای کەرخ، کە دوابەدوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژ بە یاسای نەوت و گازی کوردستان دەرچووبوو، دادگای کەرخ دوای ماوەیەکی زۆر لەچەندین جار دادبینی لەبەرژەوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی پێشووی خۆی دا.
ئەوەشی راگەیاندووە، هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ دووبارە تانەی لە بڕیارەکان دا بەڵام دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاری دایەوە بە پەسەندکردنی بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ، بەمەش لە ڕووی یاساییەوە یەکلا بووەوە کە گرێبەستەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان کارایە و دروستە.