وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەولێر و بەغدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" کۆبوونەوەکە لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا بووە."
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە" ڕۆژی هەینی ٣١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب )وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر (ئومێد سەباح)سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی بەڕێز خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو". 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە، تاوەکو هەردوولا بگەنە رێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.




PM:08:32:31/01/2025