عەبدوڵا ئۆجەلان: بەبێ ئۆپۆزسیۆن ئاشتی نایەتە ئارا

هاوسەرۆکی پارتی دەم بەشێک لە قسەکانی ئۆجەلان لە دووەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی دەم پارتی  ئاشکرا دەکات و دەڵێت"  بەڕێز ئۆجەلان لە دیداری دووەمدا زۆر بە روونی باسی لەوەکردووە بەبێ ئۆپۆزسیۆن ئاشتی نایەتە ئارا، چونکە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت، ئەم دەسەڵاتە هەموو شت لەپێناو خۆیدا ئاڕاستە دەکات".

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە وتارێکیدا کە لە پانێڵی (عەلەوییەکان گفتوگۆ لەبارەی ئاشتی دەکەن)، لە ئیستانبوڵ پێشکەشیکرد، باسی لە  بەشێک لە وتەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە دیداری دووەمی ئیمراڵی کرد و وتی" بەڕێز ئۆجەلان لە دیداری دووەمدا زۆر بە روونی باسی لەوەکردووە بەبێ ئۆپۆزسیۆن ئاشتی نایەتە ئارا، چونکە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت، ئەم دەسەڵاتە هەموو شت لەپێناو خۆیدا ئاڕاستە دەکات".

وتیشی"لەو دیدارە چوار کاتژمێرییەدا ئۆجەلان وتی، لە زەمینەیەکی دیموکراسیدا کار بۆ ئاشتی دەکەم، هێنانە ئارای زەمینەی ئاشتییەکی دیموکراسی تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە، بەڵکو لەپێناو گەرەنتیکردنی مافی یەکسانیی هەموو هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە و عەلەوییەکاندایە".

بەوتەی هاوسەرۆکی پارتی دەم، ئۆجەلان ئاشکرای کردووە کە "ئەوەش تەنیا بە قسە نابێت و لە کرۆکدا دەبێت، پێویستە ئەوە بە دەستوورێکی دیموکراسییانە گەرەنتی بکرێت و منیش بۆ ئەوە کار دەکەم".

ئۆجەلان باسی لەوەشكردووە "لە هەموو شتێک زیاتر پێویستمان بە ئاشتییە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئازادیی بیروڕا نەماوە، رۆژنامەوانان دەستگیردەکرێن، هەژاری و بێکاریی زیاتر دەبێت و خەڵک ناتوانن گوزەرانێکی باشیان هەبێت".

هاتیمئۆغوڵڵاری روونیشیكردەوە، ئەگەر پارتی دەمیش ئاشتییەکی ناشکۆمەندانە قبوڵ بکات، گەلی کورد قبوڵی ناکات، چونکە گەلی کورد گەلێکی سیاسییە و تەنانەت وشەی فریودانیش قبوڵ ناکات، دەسەڵات دەیەوێت هەموو شتێک بەو جۆرە ئاڕاستە بکات کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە و بۆ ئەوەش پەنا بۆ هەموو رێگە و رێبازێک دەبات".




PM:09:33:31/01/2025