ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاپەڕین لە راگەیەنراوێکدا داوا لە مامۆستایان دەکەن" بە بێ مووچە دەوام نەکەن و کۆیلایەتی سەردەم قبوڵ نەکەن"
ئەمشەو هەینی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاپەڕین ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی بایکۆت بڵاوکردەوە و رایانگەیاند" دەسەڵاتی چەتە و مافیاو تاڵانکار وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بێ باک لە ئاستی پرۆسەی پەروەردە و ژیان و گوزەرانی خەڵک، خراپتر لە جاران دەستی گرتوە بەسەر مووچە و قوتی ماڵ و مناڵمان بۆیە بەداخەوە بەوپەڕی ناچاری مامۆستایان جارێکی تر بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردەوە".
دەقی راگەیەنراوەکە:
بەناوی خوای گەورە
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماف خوراو و ستەملێکراو…
هاوڵاتیانی خۆشەویست….
هەموو لایەک ئاگادارن سەرەڕای خراپی بارودۆخی دارایی و دواکەوتنی مووچەکانمان لە کاتی خۆیدا وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەمساڵمان دەستپێکرد و بەوپەڕی دڵسۆزی دەرگای قوتابخانەکانمان کردەوە و باوەشمان بۆ پرۆسەی خوێندن و قوتابیان و خوێندکارانمان واڵاکرد کۆتایمان بە وەرزی یەکەمی خویندن هینا، بەڵام دەسەڵاتی چەتە و مافیاو تاڵانکار وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بێ باک لە ئاستی پرۆسەی پەروەردە و ژیان و گوزەرانی خەڵک، خراپتر لە جاران دەستی گرتوە بەسەر مووچە و قوتی ماڵ و مناڵمان بۆیە بەداخەوە بەوپەڕی ناچاری مامۆستایان جارێکی تر بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردەوە.
ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاپەڕین دڵنیایی دەدەینە مامۆستایانی هاوپیشەمان تا ئێستا کۆڵمان نەداوە و بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان و کۆڵ نادەین، لە داهاتوودا هەنگاوی کردەیی دەنێین پشتیوان بەخوا.
لە ئێستادا پشتیوانی لە بایکۆتی خۆڕسکانەی مامۆستایان دەکەین، داوا دەکەین بەهیچ جۆرێک دەوامی بێ مووچە نەکەن کۆیلایەتی سەردەم قبوڵ نەکەن، و ڕێزدەگرین لە هەر هەنگاوێک کە بە هەر ڕێگا و ڕێبازێک و هەر کەس و گروپێک بیگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافی گشتی.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی بەرز و خۆڕاگری مامۆستایان ،
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاپەڕین
2025/1/31