جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم دواخرا و رەنگە سبەی ئەنجام بدرێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجەم کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی یەکێتیی و پارتی لەبارەی پێکهێنانێ حکوومەتی نوێی هەرێم ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی بەشێکی ئەندامانی لیژنەی کۆبوونەوەکە لە بەغدان کۆبوونەوەکە ناکرێت.
لەمبارەوە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە رەنگە سبەی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.
ئەو شاندەی بڕیاربوو کۆببنەوە، پێشتر چوار جار کۆبوونەوەتەوە، بڕیار بوو پێنجشەممەی رابردوو بکرایە و دواخرا بۆ ئەمڕۆ شەممە.
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباحە و شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیمە.
کۆبونەوەی ئەمجارە، دەبێتە پێنجەم کۆبونەوەی شاندی تەکنیکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە تێیدا پرسی نوسینەوەی بەرنامەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.