پارێزگاری سنە ڕایگەیاند: حکومەتی ئێران هەنگاوی ناوە بۆ ڕێكخستنی کاری کۆڵبەری بەمەبەستی کەمکردنەوەی قاچاخچێتی لە سنورەکان، دەشڵێت"بەم نزیکانە یاسای بازرگانی لە ناوچە سنورییەکان جێبەجێ دەکرێت".
ئارش لهۆنی، پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە میدیاکانی ئێرانی ڕایگەیاند: حکومەتی ئێران، هەنگاوی ناوە بۆ ڕێكخستنی کاری کۆڵبەری لە سنورەکان، بە مەبەستی کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی بە قاچاخبردنی کەرەستە و کەلوپەل.
ئاماژەی بەوەش کردوە: بەم نزیکانە یاسای بازرگانی بۆ دانیشتوانی ناوچە سنورییەکان لە سنوری پارێزگای سنە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی گەشەی ئابوریی.
پارێزگای سنە ڕونیشی کردوەتەوە، بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، لەمەودوا، کۆلبەرەکان لە ڕێگەی دەروازە سنورییە فەرمییەکانەوە، کەلوپەلەکانییان دەگوازنەوە، وەك هاوکارییەکیش بۆ کۆڵبەرەکان، لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە باج لە کۆڵبەرەکان وەرناگیرێت، بەڵام لە ساڵی دوەمەوە تەنها لە سەدا ٢٠ باجیان لێوەدەگیرێت.