کەجەکە: ئەوەی ئاکپارتی لە پڕۆسەی ئاشتی دەیەوێت تەنیا چەکدانانی پەکەکەیە

بەرپرسێکی کەجەکە ڕایگەیاند، ئەوەی ئاکپارتی لە پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی دەیەوێت، تەنیا چەکدانانی پەکەکەیە، دوپاتیشی دەکاتەوە، تا هەلومەرجی ئۆجەلان نەگۆڕدرێت وگۆشەگیریی سەری هەڵ نەگیرێت، لەلایەن ئەوانەوە هیچ هەنگاوێک نانرێت. 

سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە حیزبەکەی، لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەباکوری کوردستان و تورکیا ڕایگەیاند: ئاکپارتی بە جددیی نزیکی پڕۆسەی چارەسەریی نابێتەوە و تەنیا شتێک کە دەیانەوێت ئەوەیە: پەکەکە چەک دابنێت یان عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکەی بکات. 

ئاماژەی بەوەش کرد، تا هەلومەرجی ئۆجەلان نەگۆڕدرێت و گۆشەگیریی لەسەری هەڵ نەگیرێت و ئازادانە کارەکانی بەڕێوە نەبات، لەلایەن ئەوانەوە هیچ هەنگاوێک نانرێت، بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا لەو پرسەدا، جددی بێت. 

سەبری ئۆک وتیشی"تورکیا لەلایەک، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و لەلایەکی دیکەوە، قەیوم بۆ شارەوانییەکانی دەمپارتی دادەنێت، کەچی باس لە پڕۆسەی چارەسەریی دەکات، بۆیە ئەو جۆرە سیاسەتەی ئاکپارتی هیچ خزمەتێک بە پڕۆسەی چارەسەریی و هاتنە ئاراوەی ئاشتی ناکات". 





PM:02:00:01/02/2025